بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ رێگریكردن لە گەشتی هاووڵاتیانی 12 وڵات بۆ ئەمریكا، كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو بڕیارەی ترەمپ كە لە هەفتەی رابردووەوە دەركراوە، لە بەیانی ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێران، لیبیا و سۆماڵ و سودان و یەمەن و ئەفغانستان و میانمار و چاد و كۆماری كۆنگۆ و وڵاتانی گینیا و ئەریتریا و هایتی دەگرێتەوە.

هەر بەپێی ئەو بڕیارە، كۆتوبەند دەخرێتە سەر چوونە ناوەوەی هاووڵاتیانی حەوت وڵاتی تر بۆ ئەمریكا، كە ئەو وڵاتانەش بوروندی، كوبا، لاوس و سیرالیۆن و تۆگۆ و توركمانستان و ڤەنزوێلان.

بە وتەی ترەمپ ئەو وڵاتانەی روبەڕوی كۆتوبەندی توند بوونەتەوە، مەترسی تیرۆر تێیاندا زۆرە، مەبەست لە بڕیارەكەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمریكایە لە هەر هەڕەشەیەك كە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست ببێت.

پێشتریش ئێران ئەو بڕیارەی ئەمریكای ئیدانە كرد و بە بڕیارێكی "رەگەزپەرستانە" وەسفیكرد.