سەرۆک کۆمار پێشوازی لە بەرپرسی نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکات
هەساو ئەمیر
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد و باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا و چۆنیەتی گەشەپێدانیان لەبوارە جیاجیاکاندا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی کرد لە ستیڤن فەیگن راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە ستیڤ فەیگن کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئەو سەقامگیرییە کرد کە عیراق بەخۆیەوە دەبینێت لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی، ئابوری، گەشەپێدان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. کە ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەپێناوی خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان .
لەو بارەیەشەوە، راوێژکاری نوێی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق ستایشی رۆڵی جەمسەری عیراقی کرد لە چەسپاندنی بنەماکانی ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە.

