عیراق دەستی بە دابەشکردنی موچەی مانگی شەشی خانەنشینان کرد
هەساو ئەمیر
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
عیراق هاوشێوەی هەموو مانگێک، ئەمڕۆ 1ی حوزەیران دەستی بە دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کرد.
دەستەی خانەنشینی عیراق رایگەیاندووە، رێکارەکانیدابەشکردنی موچەی خانەنشینانیان تەواو کردووە و ئەمڕۆ خانەنشیان دەتوانن موچەکانیان وەربگرن.
لە عیراق دابەشکردنی موچەی خانەنشینان لەرێگای کارتی بانکییەوەیە و داوا لە خانەنشینان دەکەن، ئاگایان لە مۆبایلەکانیان بێت، چونکە ئەمڕۆ لە رێگای کورتەنامەیەکەوە پێیان رادەگەنرێت موچەکانیان خراوەتە سەر هەژمارەکانیان.
عیراق مانگانە لە 1ی مانگدا دەست بە دابەشکردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی دەکات و لە 25ی هەموو مانگێکیش موچەی موچەخۆرانی دیکەی دابەش دەکات.
هێشتا خانەنشینان و موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا تەنها پێنج رۆژی دیکە جەژنی قوربانە و هاووڵاتیانی هەرێمیش لە چاوەڕوانی دابەشکردنی موچەدان بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەکانی جەژنی پێ بکڕن.
لە ئێستادا بەهۆی هەبوونی گرفت لەنێوان حکومەتی هەرێم و عیراقدا گرفت بۆ موچەی مانگی ئایار دروست بووە و عیراق ئامادە نییە پارەی موچە بنێریت، بیانووەکەشی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم پابەند نییە بە ناردنی داهاتی نەوتی و نیوەی داهاتی نانەوتی؛ وەک ئەوەی لەسەری رێککەوتوون.
دوایین زانیارییەکانیش کە لەبارەی موچەوە هەیە ئەوەیە، پێدەچێت هەرێم بە قەرز موچەی مانگی ئایار لە بەغدا وەربگرێت تاوەکو پێش جەژن موچەی سەرجەم موچەخۆرانی پێ دابەش بکەن.