هاتوچۆی هەولێر رایگەیاندووە، لە دوو شوێی سوڕانەوەی ئۆتۆمبێل 'یوتێرن' کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی دەکەونە کار و هەر ئۆتۆمبێلێک بە پێچەوانەوە پێچ بکاتەوە، سزای سەرپێچی یاساکانی هاتوچۆی بۆ دەنووسرێت.

هاتوچۆی هەولێر شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە، تا رۆژی 6ی ئەم مانگە و دوای سەعات 12:00ی شەو کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بەشێوەی تاقیکردنەوە لە شوێنی سوڕانەوەکانی شەقامی 40 مەتری عەشتار و شەقامی 100 مەتری جەودەت ئەسعەدی دەکەونە کار.

ئەوەش هاتووە، لەدوای ئەو رێکەوتەوە و لە رۆژی 7ی ئەم مانگەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ دووەم رۆژی جەژنی قوربان، کامێراکان بە شێوەی هەمیشەیی دەکەونە کار و لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا نامێنن و سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن.

داواش لە شۆفێران دەکەن، بەهیچ جۆرێک سوڕانەوە 'یوتێرن' بەشێوەی پێچەوانە ئەنجام نەدەن، بۆئەوەی هەم ژیانی خۆیان و شۆفێرانی دیکە نەخەنە مەترسییەوە، هەم دووربن لە سزای پێبژاردن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی و سەرپێچی لە ناو شارەکانی هەرێم و رێگاکانی دەرەوەی شاردا کەوتوونەتە کار و هاتوچۆش دەڵێت، دانانی ئەو کامێرایانە بەشێکی زۆری روداوەکانی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە.