سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبوەوە
محەمەد رزگار
٣١ی ئایاری ٢٠٢٥
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی گشتی لەسەر ئاستی نیشتمانی و پێشهاتی سیاسی و ئابووریی و پێشخستنی بەرنامەکانی گەشەپێدانی حکومەت کرا بە تایبەت لە کەرتەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و وزە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان.
لە میانی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسای تایبەت بە پابەندبوونی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپشت بەستن بە ئەو خاڵانەی کە دیاریکراون لە رێگەی دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی.
هەروەها لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە سەر گرنگی یەکخستنی یەکڕیزی نیشتمانیی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری وڵات، و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان وەک پایەیەکی بنەڕەتی پرۆسەی دیموکراسی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ویست گەلی عیراق بن کە بەشدار دەبن لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.