تەرمی ئەو منداڵەی خورماتوو دۆزرایەوە کە لەکاتی یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانیدا دیار نەمابوو
هەساو ئەمیر
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥
پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، تەرمی ئەو منداڵە نۆ ساڵانەی خورماتوو دۆزرایەوە کە لە دوێنێوە لەکاتی یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانیدا دیار نەمابوو.
لە پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممەوە، منداڵێکی تەمەن نۆساڵان لە گەڕەکی تینی سەر بە قەزای خورماتوو لەکاتی یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانیدا دیار نەمابوو، دوای ئەوەی کەسوکارەکەی بەدوایدا گەڕاون و هێزە ئەمنییەکانیان لێئاگادار کردووەتەوە.
دوای گەڕانێکی زۆر بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکەی لەناو قوڕولیتەی پشت کارگەیەکی خورماتوو دۆزراوەتەوە.
ئەو منداڵە نۆ ساڵانە ناوی بەرائـ ریاز بووە و خوێندکاری پۆلی سێیەمی سەرەتایی بووە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، منداڵەکە هەوڵی داوە خۆی رزگار بکات، بەڵام وادەردەکەوێت نەیتوانیبێت، لەو کاتەشدا ئاوی پرۆژەی ئاودێری ناوچەکە زیادیکردووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.