د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازیکرد لە ئەلیزابێس ترودۆ کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق.

لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ،  سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی بە پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی عیراق و ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا دووپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵات و گەل بکات.

سەرۆک کۆمار  ئاماژەیکرد بە پێشهاتی ئەرێنیی بەردەوام لە عیراق لەسەر ئاستە جیاجیاکان، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی ئابووری و وەبەرهێنان.

د.لەتیف رەشید جەختیکردەوە لە گرنگی هەوڵی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە ململانێ و شەڕ و دووپاتکردنەوەی پرەنسیپی هاریکاریی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.

لای خۆیەوە ئەلیزابێس ترودۆ ویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دوپاتکردەوە بۆ پەرەپێدانی هاریکاریی دووقۆڵی لەسەر مەسەلەکانی جێی بایەخی هاوبەش و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هاوکات ستایشی رۆڵی میحوەری عیراقی کرد لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و قەیرانەکان.