سەرۆک کۆمار پیشانگەی هونەری هەمەلایەنی لەوەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار کردەوە
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، ۆیشانگەی هونەری هەمەلایەنی کردەوە، کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەوە رێکخرابوو.
هەروەها سەرۆک کۆمار گوێی لە پێناسەیەکی سروشتی ئەو بەرهەمە هونەرییانە گرت کە قووڵایی کلتووری و مێژوویی وڵات و فرەچەشنی کۆمەڵایەتی گەلی عیراق بەرجەستە دەکەن، لەگەڵ دیارترین کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکان.
سەرۆک کۆماری عیراق، جەختی کردەوە لە پێویستی رەنگدانەوەی وێنەی راستەقینەی عیراق و گەشەسەندن و ئاسایش و سەقامگیری و دەربڕینی خواست و هیوای عیراقییەکان و پێکەوە ژیانی هاوبەشیان.
د. لەتیف رەشید، لەپەراوێزی سەردانەکەیدا بۆ پێشانگاکە، ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی وەزیری رۆشنبیری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەت کۆبوەوە.
هەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە بەرپرسیارێتی وەزارەتی رۆشنبیری کرد لە پێشخستنی رۆشنبیری و گەشتیاری عیراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا، هەروەها خستنەڕووی وێنەیەکی راستەقینەی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵات، کە رەنگدانەوەی هەبوو لە میوانداریکردنی عیراق لە لوتکەی عەرەبی و هەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاری لە ساڵی 2025.
هاوکات جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی ئاگادارکردنەوەی نەوەکان لەو تاوانانەی لەلایەن رژێمی دیکتاتۆرییەوە ئەنجامدراون دژ بە رۆڵەکانی گەلەکەمان لەڕێگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و ئەنفال و ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن باندە تیرۆریستییەکانەوە بەرامبەر بەشوێنەوارە پیرۆز و دێرین و شارستانییەکان ئەنجام دران.
لە بەرامبەردا وەزیری رۆشنبیری، پێداچوونەوەی بە چالاکیی و پلانەکانی وەزارەتدا کرد بۆ پیشاندانی رووخساری شارستانی و داهێنەرانەی عیراق، و بەهێزکردنی لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا.















