عیراق هاوردەی پێنج بەرهەمی كشتوكاڵی رادەگرێت
لاڤە
٢٧ی ئایاری ٢٠٢٥
عیراق بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاوردەی پێنج بەرهەمی كشتوكاڵی و رێگە بە گواستنەوەی مریشك و هێلكە لەنێو پارێزگاكان دەدات.
ئەنجومەنی وزاری ئابوری لە عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هاوردەی كاڵەك و شوتی و باینجان و كولەكە تا كۆتاییهاتنی بەرهەمی ناوخۆ رادەگیرێت، هەروەها هاوردەی تەماتە بۆ ماوەی مانگێك قەدەغە دەكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیاردراوە رێگە بە گواستنەوەی مریشك و هێلكە لە نێو پارێزگاكاندا بدرێت بەشێوەیەكی كاتیی.
ئەنجومەنی وزاری ئابوری راشیگەیاند، ئەو بڕیارە لەسەر پێشنیارێكی بەپەلەی وەزیری كشتوكاڵ بووە، بۆ پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆ.