زیاتر لە شەش مانگە عیراق رێككەوتنێكی لەگەڵ توركمانستان بۆ هاوردەكردنی غاز ئیمزاكردووە، بەهۆی ئەوەی غازەكە پێویستە بە بۆرییە غازییەكانی ئێراندا بڕوات و ئەمریكاش سزای ئابوری بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە، تائێستا توركمانستان نەیتوانیوە غازەكە بۆ عیراق هەناردەبكات، وەزیری كارەبای عیراقیش پێشنیازدەكات هاوردەكردنی غازەكە بە میكانیزمی گۆڕینەوەی غاز جێبەجێبكرێت.

ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، زیاد عەلی وەزیری كارەبای عیراق بە پێشنیازێكی نوێوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاوردەكردنی غاز بۆ عیراق سەردانی توركمانستان دەكات، پێشنیازەكەش بریتییە لە پەیڕەوكردنی میكانیزمی گۆڕینەوەی غاز، واتە توركمانستان غازەكە بنێرێتە باكووری ئێران، پاشان ئێران هەمان بڕ هەناردەی عیراق بكات.

جەختیلەوەشكردەوە، عیراقی پێویستی بە غازی هاوردەكراو لەنێویاندا غازی ئێران دەبێت، بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی غازی نیشتمانی.

رۆژی 19ـی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، لە بەغداد رێككەوتنێك لەنێوان دەسەڵاتدارانی عیراق و توركمانستان ئیمزاكرا، بۆ دابینكردنی رۆژانەی 20 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ عیراق.