سەرۆک کۆمار پێشوازی لەباڵیۆزی هۆڵەندا دەکات
سام
٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە26ـی 5ـی 2025، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە خاتوو جانێت ئەلبێردا باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عیراق کرد، بەیاوەری سەرۆکی پەیمانگای هۆڵەندی بۆ زانستەکانی ئاو، IHE Delft، د. ئیدی مۆرس.
سەرۆک کۆمار جەختی لەقوڵایی پەیوەندی دۆستانەی نێوان عیراق و هۆلهندا و پێویستی پەڕەپێدانی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هەر دوو گەلی دۆست بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی کردەوه.
هەر لەدیدارەکەدا باس لە چواچێوەی هاوکارییەکانی نێوان عیراق و پەیمانگەی IHE Delft کرا و سەرۆک کۆمار تیشکی خستە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم وڵات لە روی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو و ئاماژەی بەو چارەسەر و هەنگاوەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عیراق کرد ، هەروەها پلانەکانی داهاتوو بە ئامانجی مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ژینگە و هاووڵاتیان.
سەرۆک کۆمار جەختی لەپێویستی ئەنجامدانی رێککەوتنی درێژخایەن کردەوە بۆ رێکخستنی تەرخانکردنی ئاو لەنێوان وڵاتانی سەرچاوە و خوارەوی ئاوەکان بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەکارهێنانی گونجاوی ئاو و ئاماژەشی بە گرنگی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەنجامدانی راهێنانی بەردەوام کرد بۆ هاوسەنگکردنی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی شێوازی نوێی ئاودێری و بەڕێوەبردنی ئاو.
سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی پەیمانگاکەی کرد بۆ ئەو توێژینەوەیانەی لەسەر سیستمی ئاودێری لەعێراق ئەنجامی داوە و جەختی لە چڕکردنەوەی بەرنامە ناوخۆییەکانی پەیمانگاکە کردەوە بۆ ڕاهێنانی کارمەندانی وەزارەتە جیاجیاکانی عێراق، بەمەش یارمەتیدەر دەبێت لەپەرەپێدانی توانا و شارەزاییەکانیان و پاراستنی مافی عێراق لە سەرچاوە ئاوییەکانی.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلبێردا و شاندی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پەرۆشی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری وپەیوەندییە دووقۆڵییەکان، جەختیان لە پاڵپشتی بەردەوامی هۆلەندا بۆ عێراق کردەوە لەتێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە ئاوییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لەگەڵ بوارەکانی دیکەی بەرژەوەندی هاوبەش.





