بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا جارێكی تر لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازیی عیراق و ئەمریكا كۆببنەوە و كە یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەكە دەبێت لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.

 ئەسكەندەر وتوت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازیی عیراق و ئەمریكا، جارێكی تر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

وتیشی، ئەگەرچی كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ وەك دوایین وادە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی سوریا، پێدەچێت ئەمریكا ماوەی مانەوەی هێزەكانی لە عیراق درێژ بكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو كۆبوونەوەیەی لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوە دەبێت لە سەردەمی خولی دووهەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بەوپێیەش كۆبوونەوەكە گرنگییەكی زۆری دەبێت و تێیدا مەترسییەكانی تیرۆر لە عیراق و سوریا تاوتوێ دەكرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، نزیكەی  دوو هەزار و 500 سەربازی هاوپەیمانان لە عیراقن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر.