ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، پڕۆژەكەی ئۆجەلان مێژووییە و چارەسەرێكی ریشەییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا كە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبن، پێیانوایە پڕۆژەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان پڕۆژەیەكی مێژووییە و چارەسەرێكی ریشەییە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵایەتییە. 

راشیانگەیاند، ئۆجەلان بۆچوونی تەواوەتی بۆ كۆتاییهێنان بۆ ململانێكان پێشكەش كردووە، كە چەندین دەیەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەی دەناڵێنێت. ئەو پڕۆژەیە تەنها چارەسەر نییە بۆ پرسی كورد، بەڵكو نەخشەڕێگەیەكە بۆ ئازادكردنی گەلانی ناوچەكە لە ستەمكاری و توندوتیژی نەتەوەیی و ئاینی.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پڕۆژەیە بە بەردی بناغەی بەدیهێنانی كاریگەری و گۆڕانكاری لە واقیعی سوریا بەگشتی و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تایبەت دادەنرێت. چونكە هەنگاوێكە بەرەو ئاشتی ناوخۆیی و چەسپاندنی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكان و دروستكردنی دیموكراسیەت.