د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، "دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە سەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال".
دەقی پەیامەکە
بەبۆنەی ساڵیادی یۆبیلی زێڕینی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و کادر و لایەنگرانی یەکێتی دەکەین.
دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە 1 ی حوزەیرانی 1975 وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە سەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ڕیزەکانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق لە هەلومەرجێکی سەختدا لە نێو تەحەدا و هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا و یەکێتی لە خەباتی دژ بە دیکتاتۆرییەت قوربانی گەورەی داوە لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵک.
لەم بۆنەیەدا هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکێتی دەخوازین لەجێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانییەکەی کە لەباوەڕی یەکڕیزیی نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی هاوولاتیان سەرچاوەی گرتووە.
داوا لە هەمووان دەکەین پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکەن و بەرەو پێشەوە بڕۆن لەپێناو بەهێزکردنی سیستەمی دێموکراسی و خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان و عێراق لەپێناو بنیاتنانی دەوڵەتێکی پێشکەوتوو، شارستانی، خۆشگوزەرانی و دوور لە توندوتیژی و پەراوێزخستن و هەمووان تێیدا بە ئارامی، خۆشگوزەرانی و ئاشتی بژین.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
سڵاو لە گیانی پاکی شه هیدانی کوردستان و عێراق
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
31/5/2025