سەرۆك وەزیرانی عیراق پیشوازی لە سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عیراق كرد و رایگەیاند، سندوقەكە هاوبەشێكی سەرەكییە بۆ چاكسازی و بەرزكردنەوەی سەقامگیری ئابووری لە وڵات.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ جان گیۆم پۆلان سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە عیراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سودانی  هەوڵەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەرز نرخاند لە پاڵپشتیكردنی عیراق و دامەزراوە داراییەكان،  بە تایبەت كە سندوقەكە هاوبەشێكی سەرەكییە لە هەوڵەكانی عیراق بۆ چاكسازی لە ئابووری و بەرزكردنەوەی سەقامیگیری ئابووری.

 جەختی لەوەش كردەوە ، حكومەت لە بوارەكانی دارایی و بانكی و ئابووری  هەنگاوی ئەرێنی دەنێت  بەرەو گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام لە وڵاتەكەدا.

سەرۆكی نوێنەرایەتی سندوقی نێودەوڵەتی دراویش ، ستایشی ئەو پێشكەوتنە بەرچاوانەی كرد كە حكومەتی عیراق لە چاكسازیی ئابوریدا بەدەستیهێناوە، لەوانەش پەرەپێدانی سیستمی باج و پێناسی گومرگی، هەروەها ئامادەیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش بۆ زیادكردنی هەماهەنگی و كاری هاوبەش و پێشكەشكردنی رێنمای پێویست سەبارەت بە بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان دەربڕی.