ئەکسیۆس شوێنی داهاتوی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بڵاوکردەوە
رەوەز
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥
ئاکسیۆس بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار رایگەیاند کە خولی چوارەمی دانوستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا بڕیارە رۆژی شەممە، سێی مانگی مایس لە رۆما، پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە بچێت. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلیش، ئیسرائیل پێشبینی دەکات کە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بە گەیشتن بە رێککەوتن کۆتایی پێ بێت.
رۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە 27ـی نیسان لە کۆنفرانسی هەواڵدەریی "سەندیکای هەواڵی جولەکە" لە ئۆرشەلیم (بێت المقدس) رایگەیاند کە پێی وایە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا قایل نابێت بە رێککەوتنێکی ناوەکی "خراپ" لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.
دێرمەر گوتی: "زۆر دڵنیام کە ترامپ ئەمڕۆ خۆی دەپارێزێت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی خراپ."
هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیسرائیل بە تەنیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران، وتی کە دەربارەی "کاروباری سەربازی" قسە ناکات، بەڵام پێویستە قسەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەهەند وەربگیرێت کاتێک دەڵێت؛ هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی نەهێڵێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی یەکشەممە لە وتارێکدا لە هەمان کۆنفرانس وتی: "رێککەوتنی کاریگەر، رێککەوتنێکە کە توانای پیتاندنی ئێران بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ناوەکی لەناو ببات. ئەگەر ئەوان ئامرازی هاویشتن، مووشەکی بالیستی و مووشەکی بالیستی قاڕەپێویان لەبەردەستدا بێت، هەڕەشە لە هەموو شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نموونەی لیبیای بە "تەنیا رێککەوتنی باش" زانی و وتیشی: "رێککەوتنێکی خراپ لە نەبوونی رێککەوتنی زۆر خراپ باشترە."
رۆژنامەی جێروزالیم پۆست رۆژی دووشەممە بە گوێرەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەرپرسان، دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران ئەگەری هەیە بگاتە رێککەوتن.
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە وتیشی، کە وڵاتەکەی هێشتا نازانێت ئایا ئەم رێککەوتنە لەگەڵ داواکارییەکانی ئیسرائیل واتە "هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم"ی ئێران گونجاو دەبێت یان هاوشێوەی بەرجام دەبێت. ئیسرائیل چەندین جار گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوشێوەی بەرجامی بە "رێککەوتنی خراپ" ناو بردووە.
هەروەها ئەم بەرپرسە ئیسرائیلیەکە ئاشکرایکرد، پێی وایە مۆڵەتی 60 رۆژەی دۆناڵد ترامپ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران درێژ دەکرێتەوە.