عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران rایگەیاند کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە عوممان، دانوستانی ناڕاستەخۆی ئەمریکا و ئێران دەست پێدەکات.

عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێدەکات."

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوەی بە دەرفەت و تاقیکردنەوە ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە."

ئەم لێدوانەی عەباس عراقچی لە کاتێکدایە کە شەوی rابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ئەمریکا "لە سەروبەندی گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران"دایە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە شەممە لە ئاستی باڵا دانیشتنێکی "زۆر گرنگ و کاریگەر" دەبێت و گوتیشی: "هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی رێککەوتن باشترە لە کار و کردەوەی دیکە، ئاشکرایە ئەمە کارێک نییە بمەوێت بەکاری بهێنم، چونکە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار."

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆم بە دەست بهێنێت و ناتانیاهۆش جەختی کردەوە کە لەگەڵ ترەمپ، لەسەر ئەمە رێککەوتن.