بەڕێوەبەرایەتی میدیا و زانیاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە دوو ئۆپراسیۆنی جیادا، هێزەکانیان دەستیان بەسەر بڕی 20 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرت.

بەپێی راگەیاندنەکە، لە چالاکی یەکەمدا کە ڕۆژی 13ـی نیسانی 2025 ئەنجام دراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، توانیویانە لە ناوچەیەکی سنوری هەورامان، دەست بگرن بەسەر 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ.

هەروەها لە چالاکی دووەمدا کە ڕۆژی 14ـی نیسانی 2025 ئەنجام دراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە روبەروبوونەوەیەکدا لە شەقامی بازنەی مەلیک محمود، توانیویانە دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن و دەستبگرن بەسەر 10 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری حەشیشدا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی بڕیاری دادوەر، تۆمەتباران بە ماددەی 25ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.