سەرۆك وەزیرانی عیراق هۆشداریدا لە هەر هەڕەشەیەك كە مەترسی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق دروستبكات.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، ئەوان رێز لە ئیرادەی سوورییەكان دەگرن و چاوەڕێی پرۆسەیەكی سیاسی گشتگیردەكەن لەو وڵاتە، بەڵام هەر كەموكوڕییەك لە گرتووخانەكانی سوریا هۆكاردەبێت بۆ ئەوەی عیراق رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە.

دەشڵێت، ئیدارەی سوریایان ئاگاداركردووەتەوە لە تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا، پەرۆشیان هەیە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكانیان.

سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، "ماهیر ئەسەد" دوای روخانی بەشار ئەسەد نەچووەتە ناو عیراقەوە، حكومەتی پێشووی سوریاش داوای لە عیراق نەكردووە دەستوەردانی سەربازی لەو وڵاتەدا بكات.