عیراق بەرهەمهێنانی زیاتر لە هەشت هەزار مێگاوات كارەبای لەدەستداوە
هەژار
٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
بەهۆی درێژكردنەوەی ماوەی نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانی غاز لەلایەن ئێرانەوە، عیراق زیاتر لە هەشت هەزار مێگاوات كارەبای لە دەستداوە.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، حكومەتی ئێران وەزارەتی كارەبای عیراقی ئاگاداركردووەتەوە كە ماوەی نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی غازی بۆ دوو هەفتەی تر درێژكردووەتەوە، ئەوەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئەو غازەی بە پێی رێككەوتنێكی ئێران هەناردەی عیراقی دەكات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردەهێنرێت.
وتیشی، پێش ئەوەی ئێران دەست بە نۆژەنكردنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی غاز بكات، بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق گەیشتبووە ٢٦ هەزار مێگاوات، بەڵام لە دوای ئەو بڕیارەی ئێرانەوە بەهۆی ئەوەی بڕێكی كەم غاز هەناردە دەكات، لەئێستادا بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق هەشت هەزار مێگاوات كەمبووەتەوە و لە ٢٦ هەزارەوە بۆ ١٨ هەزار مێگاوات دابەزیووە.