هاووڵاتییەكی عیراق لە سنووری پارێزگای واست دوای هەشت ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی، گەڕایەوە بۆ ناو كەسوكارەكەی كە پێشتر پرسەشی بۆ دانرابوو.

بەپێی هەواڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، محەمەد نەسیر حسێن خەفاجی كە گەنجێكی دانیشتووی قەزای سوێرە بووە لە سنووری پارێزگای واست، لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بێسەروشوێن بووە و دوای ماوەیەكی زۆریش گەڕان بەدوایدا نەدۆزراوەتەوە، كەسوكارەی پێیان وابووە كوژراوە بەوهۆیەشەوە لە رۆژی ١٤/٦/٢٠١٦ پرسەیان بۆداناوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ئەو گەنجەی پارێزگای واست دوای هەشت ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی گەڕاوەتەوە بۆ ناو كەسوكارەكەی لە قەزای سوێرە و دەركەوتووە لە یەكێك لە گرتووخانەكانی سوریا زیندانیكراوە و دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە ئازادكراوە.