وەفدێكی هەواڵگری عیراق لە دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا كۆبووەوە
یەحیا
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
وەفدێكی هەواڵگری عیراق گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ئاسایشی سنورەكان كرد.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەتی عیراق گەیشتووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا كۆبووەتەوە.
باسم عەوادی دەشڵێت، وەفدەكە بە سەرۆكایەتی حەمید شەتری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری چووەتە دیمەشق و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد شەرع فەرماندەی ئیدارەی نوێی سوریا و ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەو ئەنەس خەتاب سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سوریا كۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی ئاسایشی سنورەكان و بەرەوپێشچوونەكانی ئێستای سوریا.
عیراق ٦١٠ كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ وڵاتی سوریادا هەیە و لەدوای كەوتنی رژێمەكەی ئەسەدیشەوە لە ٨ی ئەم مانگەو دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی سوریا، یەكەمجارە عیراق وەفدی رەسمی رەوانەی ئەو وڵاتە دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پاراستنی ئاسایشی سنورەكانیان.