واشنتن پۆست: پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق زیاتر بمێننەوە
هەساو ئەمیر
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤
رۆژنامەیەكی ئەمریكی دەڵێت، بەهۆی رووداوەكانی سوریاوە رەنگە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق زیاتر لەو كاتەی بۆیان دیاریكراوە بمێننەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری لێپرسراوێكی باڵای عیراقەوە بڵاویكردەوە، رەنگە هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق زیاتر بمێننەوە لەوەی لەسەری رێككەوتوون بەهۆی رووداوەكانی سوریاوە.
راشیگەیاند، لێپرسراونی عیراق بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا گۆڕیوە لەدوای ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە، بۆیە ئەو وادەیەی لەئێستادا دیاریكراوە بە گونجاوی نازانن.
هەر بەپێی رۆژنامەكە، دەسەڵاتدارانی عیراق لەئێستادا زیاتر گرنگی بەو پێشنیازەی ئەمریكا دەدەن كە دوای جێگیركردنی یەكە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەیان لە نزیك سنوری عیراق لەگەڵ سوریا كردووە.
هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە، تائیستا سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای درێژكردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە وڵاتەكەیدا نەكردووە، بەڵام رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا داوای بكات.
رۆژنامەی واشنتن پۆست ئەوەشی خستووەتەڕوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا تائێستا پلانەكانی بۆ هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ئاشكرا نەكردووە، بەڵام راوێژكارەكانی بە ڕوونی ئەوەیان خستووەتەڕوو كە بەرەنگاربوونەوەی داعش لە پێشینەی كارەكانیاندایە لە ناوچەكە.