سەرۆکوەزیرانی عیراق پەیامێکی لەبارەی هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێ، کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونمان بەبیر دەهێنێتەوە".

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقییەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی رژێمی پێشوو رۆژ لە دوای رۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی رژێمی رەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت".

دوێنێ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانی تەل ئەلشێخیەی پارێزگای سەماوە راگەیەنرا، کە لێکۆڵینەوە لە دی ئێن ئەی ئێسکەکانیان دەستی پێکردووە.