ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عیراق كۆدەبێتەوە دوو سكاڵا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی دوو وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، چەند سكاڵایەك تاوتوێ دەكات كە دوو سكاڵایان پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە، لە سكاڵای یەكەمدا كە لەلایەن خالید مستەفا حسێن لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە داوادەكات، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٦، بە نادەستووری لە قەڵەم بدات و دەستەیەك بە ناوی دامەزراوەی شەهیدان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ببەسترێتەوە.

سكاڵای دووەمیش كە هەر هەمان كەس تۆماری كردووە، داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباریی ئایینی هەرێم بەپێی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ بە وەزارەتێكی نادەستوریی دابنێت و دەستەیەك بۆ ئایین و ئایینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان دروستبكرێت كە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ببەسترێتەوە.