سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، دورخستنەوەی ئەندامێكی لیوای پاراستنی سەرۆكایەتی كۆمار رادەگەیەنێت كە تێوەگلاوە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و پێگەكەی لە دەرەوەی ئەركی خۆیدا.

لە راگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتی كۆمار، ڕای گشتی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك ئاگاداردەكاتەوە، كە تیایدا ئەندامێكی لیواكانی سەرۆكایەتی سودی لە پێگەی خۆی وەرگرتووە لە دەرەوەی ئەركی خۆی بۆ گەیشتن بە مەرام و بەرژەوەندییەكان خۆی.

دەشڵێت، كە هەموو رەفتار و پێشێلكارییەكانی ئەو ئەندامە، تاكەكەسی بوون و پەیوەندییان بە سەرۆكایەتی كۆمارەوە نەبووە و بەناوی سەرۆكایەتی كۆمارەوە بڕیاریداوە.

سەرۆكایەتی كۆمار دەڵێت، لەسەر بڕیاری سەرۆك كۆمار، دوای بەدواداچوون ئەو ئەندامە دەستبەجێ لە كارەكەی دوورخراوەتەوە و هەموو رێوشوێنێكی یاسایی بەرانبەری دەگیرێتەبەر، بەو پێیەی زیانی بە ناوبانگی سەرۆكایەتی كۆمار گەیاندووە لەو ئەركەی پێی راسپێردراوە.