سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، پشتیوانی وەزارەتی دەرەوە دەكەن لە رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی كە كاریگەری لەسەر سەروەری عیراق هەبێت.

مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە وتارێكدا لە یادی ١٠٠ ساڵەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاند، لە بەرانبەر هەر دەستوەردانێكی دەرەكی كە كاریگەری لەسەر بڕیار و سەروەرییەكانی عیراق هەبێت، ئەنجومەنی نوێنەران بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی وەزارەتی دەرەوە دەكات.

مەحمود مەشهەدانی وتیشی، وەزارەتی دەرەوەی عیراق تەنها دامەزراوەیەكی ئیداری نییە، بەڵكو ئەو عەقڵە سیاسییەیە كە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەڕێوەدەبات و رۆڵی هەبووە لەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە لە وڵاتەكەیاندا هاتووەتە دی، بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەكانی عیراق لە قۆناغە سەختەكاندا كردووە.