سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری دەڵێت؛ ئاسایشی ناوچەكەو جیهان ئەركێكی هاوبەشە، بۆیە هیچ وڵاتێك بە تەنیا ناتوانێت لەرێی سەپاندنی ستراتیژی خۆیەوە، ئاسایشی خۆی و هیچ ناوچەیەك لە جیهاندا بپارێزێت .
جەلال شێخ ناجی، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، لەپەراوێزی بەشداری لە دیالۆگی مەنامە (IISS Manama Dialogue) كە لە بەحرەین بەڕێوەدەچێت، لە سێهەمین رۆژی دیالۆگەكەدا، چەندین دیدارو كۆبوونەوەی لەسەر ئاستی باڵای هەواڵگری و ئەمنی ئەنجامدا.
سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، لە پانێڵێكدا لە بارەی رێگاكانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵوەستەیكرد لەسەر پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییەكانی ناوچەكە و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە پێویستی یەكخستنی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ چەسپاندنی بەهاكانی پێكەوەیی و هاریكاری هاوبەش بە ئاڕاستەی پاراستنی سەقامگیری خستەڕوو و رایگەیاند، بەبێ لێكتێگەیشتن و دیالۆگی بەرپرسیارانە، ناتوانین ئاسایش و ئارامی لەناوچەكەدا بەقەرار بكەین، ئەم هەلومەرجەش كە هاتۆتە پێش، ئەرك و بەرپرسیارێتی هەموولایەك زیاتر دەكات كە پێكەوە كاربكەین لەپێناو ئاسایشی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، ئەوەشی خستەڕوو، ئاسایشی ناوچەكەو جیهان ئەركێكی هاوبەشە، روداو و تەنگژەكانی ئەم دواییەش دەریخست، هیچ وڵاتێك بە تەنیا ناتوانێت لەرێی سەپاندنی ستراتیژی خۆیەوە، ئاسایشی وڵاتی خۆی یان هیچ ناوچەیەك لە جیهاندا بپارێزێت بۆیە بەهەماهەنگی دەتوانین بە ئاسانی زاڵببین بەسەر ئاڵنگارییەكاندا و نەهێڵین لە هیچ رەوشێکدا ئاسایشی وڵاتەكانمان بكەوێتە مەترسییەوە.
جەلال شێخ ناجی راشیگەیاند، پەیوەندییە هەواڵگریی و ئەمنییەكانمان لەبەرژەوەندی هەرێم و عیراق وسەقامگیری وڵاتەكەمان خستوەتە كار و نەمان هێشتووە خاكەكەمان دژی هیچ لایەنێك بەكاربهێنرێت ، بەڵكو كاردەكەین تا پێكەوە ئارامی ناوچەكە و ئاسایشی نیشتمانیمان بپارێزین و بەكەمترین زیان بەرۆكگیرییەكانی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.