کۆمیسیۆن کاتی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێمی بۆ ١٠ رۆژی دیکە درێژکردەوە
کوردسات نیوز
١٩ی شوباتی ٢٠٢٤
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پڕۆسەی نوێکردنەوە و دەرھێنانی کارتی بایۆمەتری دەنگدان تا کۆتایی ئەم مانگە لە ھەرێمی کوردستاندا درێژکراوەتەوە.
دەشڵێت، ژمارەی دەنگدەران لە ھەرێم سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھەزار و ٤٠٥ دەنگدەرە و مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستاندا ھەیە، بەڵام ئەوانەی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار کەسن.
وتیشی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە کە نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەستیپێکردووە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی لە ھەرێم سەردانی ناوەندەکانی تۆماری بایۆمەترییان کردووە تا ١٥ ئەم مانگە گەیشتووە ٣١ ھەزار و ٨٨٩ کەس.