ترەمپ داوایەكی ناتانیاهۆی بۆ هێرشكردنەوەسەر ئێران رەتكردەوە و دەیەوێت دەرفەتێكی تر بدات بە رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران.

ماڵپەڕی " ئەكسیۆس"ـی ئەمریكی لە چەند سەرچاوەیەكی ئیدارەی ئەمریكاوە ئاشكرایكردووە، رۆژی شەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداو و تێیدا، ناتانیاهۆ داوایكردووە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی كۆنگرێس جارێكی تر هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستپێبكاتەوە بەڵام ترەمپ ئەو داوایەی ناتانیاهۆی رەتكردووەتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، ترەمپ دەیەوێت دەرفەتێكی تر بداتە رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە، ئەوەش ناتانیاهۆی نیگەرانكردووە.

پێشتریش، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، دانووستانەكانی ئێران و ئەمریكا بە نێوەندگیری قەتەر بەردەوامە و رابەری باڵای ئێرانیش ئاگادارە سەرجەم پێشهاتەكانی دانووستانەكانە، عراقچی هیواشی خواستبوو، ئەمریكا بە هۆشیارییەوە مامەڵە بكات و دیپلۆماسی بەسەر شەڕدا هەڵبژێرێت.