دادگای فیدڕاڵی لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کۆدەبێتەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
سبەینێ سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسە سکاڵایەک کۆدەبێتەوە کە لەلایەن سێ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە، تێیدا داواکراوە بڕیارێک دەربکرێت بۆ ناردنی شایستەداراییەکانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەموز و ئاب و جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
لە ھەمان رۆژدا، دادگای فیدڕالی لەسەر سکاڵایەکی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عەرەبی کۆدەبێتەوە کە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم کە لە بودجەی ٢٠٢٣ی فیدڕالیدا ھاتووە خەرج بکرێت، موچەی ھەرێمیش ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشبکرێت.
پێشتر و لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ مانگی داھاتوو دواخست.
لەمساڵدا دادگای فیدڕاڵی ١٩ سکاڵای پەیوەست بە ھەرێمی کوردستانی یەکلاکردووەتەوە کە شەشیان دەربارەی مووچە و شایستەداراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێم بوون، پێنجیان رەتکراونەتەوە کە تایبەت بوون بە گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و پلە بەرزکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی مووچە.