دوو ئەنجامدەری دیکەی کۆمەڵکوژی سپایکەر دەستگیرکران
هیوا
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی سپایکەر و لەسەر بنەمای زانیاری ورد، لە ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەشی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، تواندراوە دوو لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی سپایکەر دەستگیربکرێن، کە بۆ ماوەی نزیک نۆ ساڵ لە وڵاتێکی دراوسێی عێراق خۆیان حەشاردابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، ھێزە ئەمنییەکان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن، تاکو سەرجەم تاوانباران و بکەرانی دۆسییەی کۆمەڵکوژی سپایکەر دەستگیردەکەن.
رۆژی ١٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، تیرۆریستانی داعش نزیکەی دوو ھەزار سەربازی فیرقەی ١٨ی سوپای عێراقیان لە بنکەی ئاسمانی سپایکەری لە موسڵ دەستبەسەرکرد، دواتر لە نزیک تکریت بە سەدان سەربازی ئەو فرقەی سوپای عێراقیان کۆمەڵکوژ کرد، تائێستاش ٥٠ کەس لەسەر ئەو دۆسییەیە لەسێدارەدراون.