وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی دووشەممە، رایگەیاند کە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی چەند رێکارێکی خێرا بۆ رێگریکردن لە یاری کردن بە نرخی هێلکەی دوای ئەوەی لە ماوەی پێشودا نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و وەزارەت فەرمانی بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کردووە چاودێری بازاڕەکان بکەن و سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن کە نرخەکان گران دەکەن
مەهدی سەهر جبوری بریکاری کارگێڕی لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە: لایەنە پەیوەندیدارەکان تێبینی بەرزبوونەوەی نرخی هێلکەیان کردووە لە بازاڕەکانی کۆفرۆشی لە بەغدا و پارێزگاکان بە جۆرێک نرخی کارتۆنێک هێلکەی سوور 70 هەزار دیناری تێپەڕاندووە لە کاتێکدا نرخی دیاریکراو لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دیناردایە.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت نووسراوی فەرمی ئاراستەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی ئابووری کردووە بۆ دەستگیرکردنی سەرپێچیکاران هەروەها بڕیاردراوە ئاسانکاری تەواو بکرێت بۆ گواستنەوەی هێلکە لە نێوان پارێزگاکان بە تایبەتی گواستنەوەی بەرهەمی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا هەبێت و نرخەکان جێگیر ببنەوە و ڕێگری لە قۆرخکاری بازرگانان بکرێت