ئەنجومەنی وەزیران عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کۆبووەوە و لەبارەی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد، لە بڕیاری یەکەمیدا دەڵێت، پێویستە فەرمانگە حکومییەکان باجێک کە رێژەکەی زیاتر لە ٥٪ نەبێت بیخەنەسەر پارەی خزمەتگوزارییەکان ئەگەر ھاوڵاتی پارەکەی بە نەختینەییدا بەڵام ئەگەر پارەکەی بە ئەلیکترۆنیدا ئەو بڕە زیادەیەی لێوەرناگیرێت، ئەوەش وەک ھاندانێکە تا ھاوڵاتیان ببنە بەشێک لە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیی، بڕیارەکەش لە کانونی یەکەمی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، پێویستە بانکی ناوەندیش رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئاسان جێبەجێکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەمی.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردوە، لەم قۆناغەدا تاوتوێی ئەوە دەکرێت ھەژماری بانکی بێبەرامبەر یان بە نرخێکی کەم بۆ ھاووڵاتییان بکرێتەوە و ھاوڵاتیش بتوانێت لەرێگەی مۆبایلەکەوە پارەی خزمەتگوزارییەکان بدات وەک ھەنگاوی یەکەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە.