عاسم جیھاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی وت، دوای گفتوگۆ لەگەڵ شاندی حکومەتی ھەرێم، وەزارەتەکەیان یاسای نەوت و غازی ئامادەکردووە و پێشکەشی حکومەتی کردوە، حکومەتیش لە کارنامەی وەزاری خۆیدا بەڵێنی دەرچواندنی یاساکەی داوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزارەتی نەوت پێداگرە لەسەر دەرچواندنی یاساکە چونکە دەبێتە دەرفەتێک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی نیشتیمانی و وەبەرھێنان لەو کەرتەدا، یاساکەش بەشێوەیەک داڕێژراوە کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات.

پەیوەست بە وادەی پەسەندکردنی یاساکەش لە ئەنجومەنی نوێنەران، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتی، لەئێستادا پڕۆژەیاسای نەوت لە ئەنجومەنی وەزیرانە و بە رێککەوتن دەنگی لەسەر دەدرێت، دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە سازانی سیاسی دەبێت بۆ تێپەڕاندنی.