سەرۆک وەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە
هیوا
١٨ی ئابی ٢٠٢٣
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبوونەوە و لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، رێککەوتوون لەسەر پەلەکردن لەجێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجە، بەتایبەت ئەو بڕگانەی تایبەتن بە پڕۆژە خزمەتگوزاریی و ستراتیژییەکان و دانانی رێکار و چاودێری جێبەجێکردنیان.
ئەوەشیان خستوەتەڕو، ھەردولا پێداگرن لەسەر گرنگی ھەماھەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە ژیانی ھاوڵاتیان و داواکارییەکانیانەوە.
سەرۆک وەزیران و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ھاوڕابوون کە دەبێت سەرنج بخرێتەسەر دەرچواندنی ئەو یاسایانەی ھانی گەشەپێدانی ئابوری و پیشەسازی و وەبەرھێنان دەدەن، کە دواجاریش ھەلیکاری فراوان بۆ گەنجان دەڕەخسێنن.



