بە کڵاوێکی سور ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی 'ڤیتۆ' لە دیموکراتەکان دەکات
ساکۆ سمکۆ
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەی کڵاوێکی سورەوە کە وشەی 'ڤیتۆ'ـی لەسەر نەخشێنراوە، پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کرد.
بەپێی خەمڵاندن و پێشبینییەکانی ئاژانسی "ئەسۆسیەیتد پرێس"، دیموکراتەکان توانیویانە کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران بگرنەوە دەست و لە بەرانبەریشدا ترەمپ پێش داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی 'سی بی ئێس نیوز' رایگەیاندبوو؛ لە ئەگەری پێویستدا دەستبەجێ مافی 'ڤیتۆ' دژی هەر پڕۆژەیاسایەک بەکاردەهێنێت کە دیموکراتەکان هەوڵی تێپەڕاندنی بدەن.
بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران، دەسەڵاتێکی بەهێز دەداتە دیموکراتەکان تاوەکو لە دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی ترەمپدا، بەربەست لەبەردەم ئەو پۆست و دامەزراوانەدا دروستبکەن، کە سەرۆک پێشنیازیان دەکات، بەتایبەت کاندیدانی پۆستی دادوەرە فیدراڵییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی بەردەوامیی جیاکردنەوەی دەنگەکان، چارەنووسی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
بەپێی دەستوری ئەمریکا، سەرۆکی وڵات دەسەڵاتی رەتکردنەوەی (ڤیتۆ)ی ئەو یاسایانەی هەیە کە لە کۆنگرێسەوە دەردەچن، لە بەرانبەریشدا کۆنگرێس دەتوانێت بە بەدەستهێنانی دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران، ڤیتۆکەی سەرۆک تێپەرێنێت و یاساکە پەسەندبکات.


