عێراق دەرماڵە بۆ ئەو خوێندکارانە دەبڕێتەوە کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە
کوردسات نیوز
١٥ی ئابی ٢٠٢٣
وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنەوە وەزارەتی پەروەردە مانگانە دەرماڵە دەداتە خوێندکارانی قۆناغەکانی سەرەتایی، بنەڕەتی و ئامادەیی، بەشێوەیەک خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی مانگانە ٣٠ ھەزار دینار و خوێندکارانی دوو قۆناغەکەی دیکە ٥٠ ھەزاریان پێدەدرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەکە تەنھا ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە خێزانەکانیان لە بەرنامەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون و تەمەنیان لە نێوان شەش بۆ ١٨ ساڵدایە.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی ٢٥ی یاسای بوودجەدایە و لەئێستادا لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە گفتوگۆدان بۆ پۆلێنکردنی ئەو خوێندکارانەی شایستە دەرماڵەکەن.



