ئەمریکا سێ ھەزار سەرباز لەسەر سنووری عێراق و سوریا جێگیر دەکات
١٤ی ئابی ٢٠٢٣
وەعد قەدۆ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەمریکا بە نیازە نزیکەی سێ ھەزار سەرباز لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا جێگیربکات و چەندین کەشتی سەربازی و ژێردەریاییش رەوانەی سنوورەکە بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا دەیەوێت کۆنترۆڵی سنووری نێوان عێراق و سوریا بکات و لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت ھاوکارییەکان بۆ سوریا و لوبنان رابگرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پێیوایە لەلایەن وەزیری بەرگری عێراقەوە رەزامەندی دراوە، لە رێکەوتی ٢٧ی ئاب ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا بڵاوەیان پێبکرێت و دەشڵێت، بڵاوەپێکردنی ئەو سەربازانە پەیامێکە بۆ عێراق بۆ دانووستان و کۆبوونەوە و ھەروەھا بۆ ئەوەی نەبێتە رێڕەوێک بۆ شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا.


