کاکەرەش سدیق، سەرۆکی ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی ھادی عامری سەرۆکی لیژنەکە دەبێت و چەندین پرسی پەیوەست بە ماددەی ١٤٠ تاوتوێ دەکرێت، وەک ھەوڵدان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دوو بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە تەعریب لە قەزای خانەقین. ھەروەھا دەرئەنجامی سەردانی ھادی عامری بۆ کەرکوک و دیداری لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوتوێ دەکرێت.

"کاکەرەش سدیق" وتیشی، رێگرییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی لە کەرکوک تەوەرێکی دیکە دەبێت.

دوێنێش، بە ئامادەبوونی ھادی عامری، لیژنەی پەرلەمانی ماددەی ١٤٠ کۆبووەوە و دۆسێی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و تەرخانکردنی پارەی پێویست لە یاسای بودجەدا بۆ ئەو مەبەستە تاوتوێ کراوە.