عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ٢٩٦ لایەنی سیاسی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆمارکردووە، بەڵام تائێستا ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە.

وتیشی، ٣٧ کەس وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە، بەڵام ھیچ پارت و ھاوپەیمانییەکان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشنەکردووە، بۆیە ناوی تۆمارکردنی کاندیدەکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە تا ٢٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە.

ئەو درێژکردنەوەیە دوای ئەوەدێت کە رۆژی یەکشەممە تۆمارکردنی ناوی کاندیدە سەربەخۆکان کۆتاییھات، لەئێستاشدا تەنھا ناوی کاندیدانی پارت و ھاوپەیمانییەکان تۆماردەکرێت، کە ئەوەش تا ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.  

بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لایەنەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستھێنانی ٢٥٨ کورسی دەکەن، کە ٢٠٠یان بۆ پیاو و ٧٥ بۆ ژنان و ١٠ش بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە.

عیماد جەمیل، رەتیشیکردەوە ھیچ ھەوڵێک ھەبێت بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکە، کە بڕیارە لە ١٨ی کانوونی یەکەمی داھاتوو، بەڕێوەبچێت.