لیژنەی نەوت و غاز: دەرفەتێکی گونجاو ھاتوەتە پێش بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز
هیوا
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
زەینەب موسوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد، دوای دەرچواندنی یاسای بودجە بۆ ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥)، لەئێستادا دەرفەتێکی گونجاو ھاتوەتە پێش بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی لە خولەکانی پێشوتردا پەکخرابوون.
ئەوەشی خستوتەڕو، گرنگترین یاساش کە تائێستا نەتوانراوە دەربچوێنرێت، یاسای نەوت و غازە کە دەبێتە نەخشەڕێگای داھاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد لەبارەی دۆسیەی نەوت.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت دەڵێت، ھەرچەندە ھەندێک لایەن ھەن نایانەوێت کێشە ئابورییەکانی وڵات چارەسەر بکرێت، بەڵام لیژنەکەی ئەوان کار بۆ رەخساندنی دۆخێکی لەبار دەکات بۆ دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران.



