سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانی بۆ عێراق دووپاتکردەوە
کوردسات نیوز
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ریشی سوناک پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی کردووە بەبۆنەی بوونی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ھاوکات جەختی لە گرنگی درێژەدان بە کارکردنی ھاوبەشی نێوان بەریتانیا و عێراق کردووەتەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا.
سوناک ئاماژەی بەوەشکردووە، لەندەن و بەغداد چەندین ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە کە دیارترینیان رێگەگرتنە لە سەرھەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستی داعش و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕیتانیا ئامادەیە ھاوکاری تەواوەتی ھێزەکانی عێراق بکات.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاندووە، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە کارکردن لەگەڵ عێراق لە بواری ئابوری و پشتیوانی ھەوڵەکانی دەکات بۆ پەرەپێدان لە کەرتی وەبەرھێنان و روبەڕوبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوھەوا.