بافڵ جەلال  تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كشانەوەی حزبەكەی لە حكومەتی كاربەڕێكەری هەرێم راگەیاند.

لە پەیامێكدا بافڵ  جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی وردەكاریی هەوڵەكانی حزبەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت خستەڕوو و رایگەیاند، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 15 جار سەردانی هەولێری كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی جیاواز و خزمەتگوزار، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هەر مەرحەلەیەكی پێشكەوتنیان بە بیانوویەك تێكداوە.

سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، كەمینەیەك لەناو ئەو حزبە سەلماندیان كە دیموكراسی نازانن، رێز لە دەنگدەر ناگرن و پارەی خەڵك بۆ كڕین و هەڕەشەكردن لە پەرلەمانتاران بەكاردەهێنن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، دوای وەرگرتنی دەسەڵاتی تەواو لە سەركردایەتیی حزبەكەی، یەكەم بڕیاریان كشانەوەیە لەو حكومەتە شكستخواردووە و و دووپاتی كردەوە كە لەمەودوا هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ خزمەتكردنی خەڵك لە دەڤەرەكەی خۆیان بەكاردەهێنن.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، سەرۆكی یەكێتی هۆشداریی توندی بە پارتی دا كە واز لە هێز جووڵاندن و ترساندنی خەڵك بهێنن و وتی: "مەجبوورمان مەكەن كاردانەوەمان هەبێت، چی بكەن لەوێ ئێمە لێرە دەیكەین؛ سەرۆكی هەرێم، سەرۆكوەزیران و وەزیر دابنێن، ئێمەش دایدەنێین. لە كۆتاییشدا جەختی كردەوە: ئێوە دەستان پێكرد، بە خوای گەورە من تەواوی دەكەم."