محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و گونجاندنی لەگەڵ کارنامەی کابینەکەی پێکدەھێنێت.

بە پێی زانیارییەکان، محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی پێکھێناوە، کە پێداچوونەوە دەکەن بۆ ئەو رەشنووسەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوو، کە لەلایەن حکومەتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووەوە ئامادەکرا بوو، ھەروەھا لیژنەکە بەشێک لە بڕگە و ماددەکانی رەشنووسەکە ھەمووار دەکەنەوە، تاوەکو بگونجێت لەگەڵ کارنامەی کابینەکەی سودانی و رەوشی ئابووری و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان.

لیژنەکە کار لەسەر ئامادەکارکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و پێشکەشکردنەوەی بە ئەنجومەنی وەزیران پێش کۆتاییھاتنی ئەم مانگە دەکەن، ئەوەش وەک سەرەتایەک بۆ ناردنی پڕۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

پێشتر سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردبوو، قەبارەی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق دەگاتە ١٤٠ ترلیۆن دینار و نرخی نەوتیش لە یاسای بودجەدا بە ٦٥ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک دیاری دەکرێت، ھەروەھا بەھای دیناریش بەرامبەر دۆلار بە جێگیری دەمێنێتەوە.