رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات کە ژنە سیخوڕەکانی موساد ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆریان لە کاتی هێرشەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاراندا ئەنجامداوە.
رۆژنامەی "جێروسەلیم پۆست"ی ئیسرائیلی، رۆژی دووشەممە، زانیارییەکی نهێنی ئاشکرا کرد کە دەیان ژنی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) چوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە و ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە، ئەمەش لە میانی ئەو هێرشانەی مانگی حوزەیرانی رابردوودا کرانە سەر بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی تاران.
رۆڵی ژنە سیخوڕەکان:
بەپێی رۆژنامەکە، دەیڤد بەرنیاع، بەڕێوەبەری موساد، پێی وایە ئەو رۆڵەی ژنە سیخوڕەکان لەم شەڕەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا گێڕاویانە "چارەنووسساز و زۆر گرنگ بووە".
رۆژنامەکە دەڵێت: "بەرنیاع سەدان سیخوڕی ناردووە، کە هەندێکیان لەلایەن خودی موسادەوە راهێنانیان پێکرابوو، بۆ ئەوەی چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوکات لەنێو ئێراندا ئەنجام بدەن."
تا ئێستا سروشتی ئەو ئەرکانەی کە ژنە سیخوڕەکان لە ئێران ئەنجامیان داوە ئاشکرا نەکراوە و "جێروسەلیم پۆست" جەختی کردۆتەوە کە ئەرکی ئەو ژنانە "هێشتا بە نهێنی ماوەتەوە."
شایەنی باسە، لە ساڵی2024دا، رێز لە سیخوڕێکی دیاری موساد گیرا کە تەنها بە پیتی "G" ناسراوە. ئەم ژنە بە رەچەڵەک ئێرانییە و شارەزاییەکی تایبەتی لە کاروباری ئێران و بەکرێگرتنی سیخوڕی بیانی لە وڵاتە نەیارەکاندا هەیە.
هەروەها کتێبی "ئەمازۆنەکانی موساد" (Mossad Amazons) کە لە ساڵی 2021لەلایەن نووسەران مایکل بار زۆهار و نەسیم میشالەوە بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کردبوو کە ئەرکی ژنە سیخوڕەکانی موساد "تەنها بە هەڵخەڵەتاندنی بەرپرسانی نێری نەیار و چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە سنووردار نییە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە و چالاکی جوڵەیی دیکەش ئەنجام دەدەن."
بەکرێگرتنی سیخوڕی ئێرانی
"جێروسەلیم پۆست" ئەوەشی خستۆتەڕوو کە "جگە لە سیخوڕە ئیسرائیلییەکان، دەزگای هەواڵگری گەیشتۆتە ئاستێکی نوێ لە بەکرێگرتن و ڕاهێنانی ئەو توخمانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە دژی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتەن."
راپۆرتەکە رونی کردۆتەوە کە سیخوڕە ئێرانییەکان لە چوارچێوەی "کۆمەڵەی زۆر ورد و رێکخراودا" کاریان کردووە، کە ئەمەش لە ئەنجامی گورزە یەکەمەکاندا رەنگی داوەتەوە.
زیانەکانی ئێران
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئیسرائیل لەم شەڕەدا توانیویەتی بەشێکی گەورەی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران لە نەتهنز، فۆردۆ و ئەسفەهان، لەگەڵ دەیان پێگەی دیکەدا، وێران بکات. بەڵام وا بڕوا دەکرێت کە نزیکەی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی %60 لەناو نەبراوە، کە لە Rوی تیۆرییەوە بەشی دروستکردنی نزیکەی 6بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
لەماوەکانی پێشوشدا و تایبەتتر لە سەروبەندی هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئەو وڵاتە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند کە چەندین بریکار و جاسوسی ئیسرائیلیان لە شارە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەستگیرکردووە.