کاروانێکی گواستنەوەی سووتەمەنی "قاچاغ" لە سنوورەکانی عێراق بۆردومانکرا
ئایار
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢
میدیاکانی عێراق ئاماژەیان بەوەکرد، درەنگانی شەوی رابردوو کاروانێکی گواستنەوەی سووتەمەنی "قاچاغ" کە لە ٢٣ تانکەر پێکھاتوون، لە دەروازەی سنووریی قائیم لە عێراقەوە چوونەتە سوریا بە ئاڕاستەی ناوچەی ئەلبوکەمال، بەڵام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومانکراون و زۆرینەی تانکەرەکان تەقیوونەتەوە و ١٥ کەسیش کوژراون، بەڵام تائێستا ھیچ لایەنێکی رەسمی وردەکاری رووداوەکەی ئاشکرانەکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو درۆنەی تانکەرەکانی کردووەتە ئامانج سەربە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە و تانکەرەکانیش سووتەمەنیان لە ئێرانەوە بە رێگەی ھێڵی سنووریی عێراق و سوریا بۆ لوبنان گواستووەتەوە.
لەبەرامبەردا عەبدوڵا جەغیفی سەرکردە لە حەشدی عەشایەری لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کاروانێکی گەورەی نەوتی "قاچاغ"ی عێراق، لەلایەن فڕۆکەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەناو خاکی سوریا بۆردومانکراون.