کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران سەعات ١٢ی نیوەڕۆ دەستپێدەکات و تێیدا، دەنگ لەسەر بڕیاری درێژکردنەوەی بەخشینی بەرھەمە خۆراکییەکان لە باج و گومرگ  دەدرێت.

ھەروەھا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای جەژنی نیشتمانی کۆماری عێراق و پڕۆژە یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای چاودێری کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت. 

ھاوکات خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای دڵنیایی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران دەکرێت. 

ئەوە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتەوە.

یەکەم کۆبوونەوە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو، تێیدا، پڕۆژە یاسای خزمەتی ئاڵا کە تایبەتە بە خزمەتی سەربازی دواخرا، بۆ کۆبوونەوەی داھاتوو، بەڵام لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا ئەو پڕۆژە یاسایە نەخراوەتە کارنامەوە.