نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیران بڕیاریدا بە گواستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی لێکۆڵینەوەکان لەدەستەی دەستپاکی بۆ دەرەوەی دەستەکە، بەھۆی ئاشکرابوونی کەمترخەمی لەرێکارەکانی دەستەی تایبەت بەپرسی ئەمینداریتی باجەکان کە لەئەنجامی لێکۆلینەوەکانی لیژنەی تایبەت دەرکەوتووە،لەو چوارچێوەیەشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەی سەبارەت بەو پرسە رەوانەی دادگای تایبەت کراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی رێکاری یاسایی پێویست. 

ھاوکات راشیگەیاندوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داوای دەستلەکارکێشانەوەی سوھاد داود نەجار سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی نیشتیمانی، داواش لە دەزگاکانی پەیوەندیدار دەکات، رێکاری پێویست بگرنە بەر، ھەروەھا جێگری سەرۆکی دەستەکەی راسپاردووە، بۆ بەرێوەبردنی کارەکانی دەستە بەشێوەیەکی کاتی.