نازم شبلی ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند، پیویستە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بودجەیەک بێت بۆ  خزمەتگوزاری و  تیایدا خەرجییەکان کەمبکرێنەوە و داھات زیاد بکرێت.

وتیشی، لە لیژنەی دارایی ئاراستەیەک ھەیە بۆ دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بۆ ھەر پارێزگایەک بە ئامانجی کاراکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و رێگەوبانەکان.

جەختیشی کردەوە، بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی پێویستە پرۆژە یاسای بودجە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت و لەبەرئەوە پێویستە محەمەد شیاع سودانی پەلە بکات لە ناردنی بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.   

ھەروەھا د.نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی کارنامەی حکومەتی نوێ، دەبێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای بودجەی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.

وتیشی، قەبارەی بودجە دیار نییە، بەڵام پێشبینی ناکەن کورتھێنانی ھەبێت، چونکە داھات زیادیکردووە و نرخی نەوتیش بەرزە.